زهبورهكان ٦٩: ١ - ٧٢: ١٩
Manage episode 438585476 series 3425855
Contenuto fornito da Dr. J. Vernon McGee. Tutti i contenuti dei podcast, inclusi episodi, grafica e descrizioni dei podcast, vengono caricati e forniti direttamente da Dr. J. Vernon McGee o dal partner della piattaforma podcast. Se ritieni che qualcuno stia utilizzando la tua opera protetta da copyright senza la tua autorizzazione, puoi seguire la procedura descritta qui https://it.player.fm/legal.
زهبورهكان ٦٩: ١ - ٧٢: ١٩
- 1ئەی خودایە، ڕزگارم بکە،
- چونکە ئاو هەتا لووتم هاتووە.
- 2لە زەلکاوێکی قووڵ نوقوم دەبم،
- جێی پێی تێدا نییە.
- چوومەتە ناو قووڵایی ئاو،
- لافاو ڕایماڵیوم.
- 3ماندوو بووم لە هاوارکردن،
- گەرووم ژان دەکات،
- چاوەکانم کز بوون
- هێندە چاوەڕوانی خودام بکەن.
- 4ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە
- لە مووی سەرم زۆرترن،
- زیاد بوون ئەوانەی دەیانەوێت تێکم بشکێنن،
- ئەوانەی بە ناڕەوا لە دژی منن.
- ئەوەی نەمدزیوە
- ئێستا دەبێت بیدەمەوە.
- 5ئەی خودایە، تۆ دەبەنگی من دەزانیت،
- تاوانەکانم لە تۆ شاراوە نین.
- 6ئەی یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
- با ئەوانەی هیوایان بە تۆیە،
- بەهۆی منەوە ڕیسوا نەبن.
- ئەی خودای ئیسرائیل،
- با ئەوانەی ڕوو لە تۆ دەکەن،
- بەهۆی منەوە شەرمەزار نەبن.
- 7لە پێناوی تۆ بەرگەی ڕیسواییم گرت،
- شەرمەزاری ڕووی داگرتم.
- 8لەلای براکانم بووم بە بیانی،
- لەلای کوڕانی دایکم بووم بە بێگانە.
- 9دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت،
- جنێوی ئەوانەی جنێوت پێدەدەن کەوتە سەر من.
- 10کاتێک گریام و بە ڕۆژووگرتن گیانم نزم کردەوە،
- بوو بە سووکایەتی بۆم.
- 11جلوبەرگی گوشم پۆشی،
- بووم بە پەند لەلایان،
- 12بووم بە جێی سەرنجی ئەوانەی لەبەر دەروازە دادەنیشن،
- مەستەکانیش دەربارەی من گۆرانی گاڵتەئامێز هەڵدەبەستن.
- 13ئەی یەزدان، من نوێژم بۆ تۆیە،
- لە کاتی ڕەزامەندیت،
- ئەی خودایە، بە گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت،
- بە ڕزگارییە دڵسۆزانەکەت وەڵامم بدەرەوە.
- 14دەربازم بکە لە زەلکاو، با نوقوم نەبم،
- لە دوژمنەکانم و لە قووڵایی ئاو دەرباز دەبم.
- 15با لافاو ڕام نەماڵێت،
- قووڵایی ئاو هەڵمنەلووشێت،
- زەوی قووتم نەدات.
- 16ئەی یەزدان، بەدەنگمەوە وەرە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە،
- بەگوێرەی زۆری بەزەییەکەت ئاوڕم لێ بدەوە،
- 17ڕووت لە خزمەتکاری خۆت مەپۆشە،
- چونکە لە تەنگانەدام، زوو وەڵامم بدەوە.
- 18لێم نزیک بەرەوە و گیانم دەرباز بکە،
- لەبەر دوژمنانم بمکڕەوە.
- 19تۆ بە سووکایەتی و شەرمەزاری و ڕیسوایی من دەزانیت،
- هەموو دوژمنەکانم لەبەردەمتن.
- 20ڕیسوایی دڵی شکاندووم،
- نەخۆش کەوتووم،
- چاوەڕێی سۆز بووم، نەبوو،
- چاوم لە دڵنەوایی گێڕا، دەستم نەکەوت.
- 21ژەهری تاڵیان دەرخواردم دا،
- لە تینوویەتیم سرکەیان دەرخوارد دام.
- 22با خوانەکەی بەردەمیان ببێتە داویان،
- ببێتە سزا و تەڵەیان.
- 23با بەرچاویان تاریک بێت تاکو نەبینن،
- هەمیشە پشتیان چەماوە بێت.
- 24هەڵچوونی خۆتیان پێدا هەڵبڕێژە،
- با ئاگری تووڕەییت بیانگاتێ.
- 25با خێوەتگاکانیان چۆڵ بێت،
- کەس نەبێت لە ڕەشماڵیان نیشتەجێ بێت!
- 26ئەوەی تۆ لێت داوە، ئەوان دەیچەوسێننەوە و
- ئەوەی تۆ بریندارت کردووە، باسی ئازارەکانی دەکەن.
- 27تاوان بخەرە سەر تاوانەکانیان،
- بێبەشیان بکە لە ڕاستودروستیت.
- 28لە پەڕتووکی ژیاندا بیانسڕەوە،
- لەگەڵ ڕاستودروستان ناویان مەنووسە.
- 29ئەی خودایە، من لە ئازار و تەنگانەدام،
- با ڕزگاریت بمپارێزێت.
- 30بە گۆرانی ستایشی ناوی خودا دەکەم،
- بە سوپاسگوزارییەوە گەورەیی ڕادەگەیەنم.
- 31ئەمە لەلای یەزدان لە گا چاکترە،
- لە گوێرەکەی بە قۆچ و سم.
- 32هەژاران دەبینن و شاد دەبن،
- ئەی ئەوانەی ڕوو لە خودا دەکەن، با دڵتان ببووژێتەوە!
- 33یەزدان بە دەنگ ستەملێکراوانەوە دەچێت،
- بە سووکییەوە تەماشای دیلەکانی ناکات.
- 34با ئاسمان و زەوی ستایشی بکەن،
- دەریاکانیش و هەرچی تێیاندا دەجوڵێت،
- 35چونکە خودا سییۆن ڕزگار دەکات و
- شارەکانی یەهودا بنیاد دەنێتەوە،
- لەوێ نیشتەجێ دەبن و دەبێتە موڵکیان،
- 36دەبێتە میرات بۆ منداڵی خزمەتکارەکانی،
- ئەوانەی ناوی ئەویان خۆشدەوێت تێیدا دەژین.
زهبورهكان ٧٠
- 1ئەی خودایە، خێرابە بۆ دەربازکردنم،
- ئەی یەزدان، پەلە بکە لە یارمەتیدانم.
- 2با شەرمەزار و سووک بن
- ئەوانەی گیانی منیان دەوێت،
- با ببەزن و ڕیسوا بن
- ئەوانەی حەز بە خراپەی من دەکەن.
- 3با هەڵبێن لە شەرمان
- ئەوانەی پێم دەڵێن: «هۆی ها! هۆی ها!»
- 4بەڵام با هەموو ئەوانەی ڕوو لە تۆ دەکەن،
- شاد و دڵخۆش بن.
- با هەمیشە بڵێن: «مەزن بێت خودا!»
- ئەوانەی حەز لە ڕزگاریی تۆ دەکەن.
- 5بەڵام سەبارەت بە من، هەژار و نەدارم،
- خودایە، خێرا وەرە بۆ لام.
- یارمەتیدەر و دەربازکەرم تۆی،
- ئەی یەزدان، دوامەکەوە.
زهبورهكان ٧١
- 1ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،
- با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
- 2بە ڕاستودروستی خۆت فریام بکەوە و دەربازم بکە.
- گوێم بۆ ڕاگرە و ڕزگارم بکە.
- 3بۆم ببە بە تاشەبەردی پەنا،
- هەمیشە پەنای بۆ ببەم.
- فەرمانی ڕزگاریی من بدە،
- چونکە تۆ تاشەبەردی منیت، تۆ قەڵای منیت.
- 4ئەی خودای من، لە دەستی بەدکاران،
- لە چەپۆکی خراپەکاران و زۆرداران دەربازم بکە.
- 5ئەی یەزدانی باڵادەستم، تۆ هیوای منیت،
- لە گەنجییەوە پشتوپەنای منیت.
- 6لە سکی دایکمەوە پشتم بە تۆ بەستووە،
- تۆ بووی لە هەناوی دایکمەوە دەرتهێنام،
- ستایشم هەمیشە بۆ تۆیە.
- 7بووم بە پەند لەلای زۆر کەس،
- بەڵام تۆ پەناگای بەهێزی منیت.
- 8دەمم پڕە لە ستایشی تۆ،
- لە شکۆدارکردنت بە درێژایی ڕۆژ.
- 9لە کاتی پیری فڕێممەدە،
- کە هێزم لەبەر نەما وازم لێ مەهێنە،
- 10چونکە دوژمنەکانم قسەم لەسەر دەکەن،
- ئەوانەی چاوەڕێی کوشتنم دەکەن، پێکەوە تەگبیر دەکەن.
- 11دەڵێن: «خودا وازی لێ هێناوە،
- ڕاوی بنێن و بیگرن،
- چونکە دەربازکەری نییە.»
- 12خودایە، لێم دوور مەکەوە،
- ئەی خودای من، زوو بگە فریام.
- 13با شەرمەزار بن و لەناوبچن، ئەوانەی سکاڵام لێ دەکەن،
- با بە ڕیسوایی و سووکایەتی بپۆشرێن،
- ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.
- 14بەڵام من هەمیشە هیوادارم،
- هەتا دێت زیاتر ستایشت دەکەم.
- 15دەمم باسی ڕاستودروستیت دەکات،
- بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕزگاریت دەکات،
- هەرچەندە پێوانەکەی نازانم.
- 16دان بە پاڵەوانیێتی یەزدانی باڵادەستم دەنێم،
- تەنها ڕاستودروستی تۆ دەهێنمەوە یاد.
- 17خودایە، لە سەردەمی گەنجییەوە فێرت کردووم،
- هەتا ئێستا کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
- 18خودایە، تەنانەت لە پیری و ڕیش سپیێتیشم،
- وازم لێ مەهێنە،
- هەتا توانات بۆ نەوەی داهاتوو ڕابگەیەنم،
- هێزت بۆ هەموو ئەوانەی دێن.
- 19خودایە، ڕاستودروستیت هەتا بەرزاییە،
- کردارەکانت زۆر مەزنن.
- ئەی خودایە، کێ وەک تۆیە؟
- 20تۆ تەنگانەی زۆر و تاڵت پیشاندام،
- بەڵام دەگەڕێیتەوە و زیندووم دەکەیتەوە،
- لە ناخی زەوییەوە دووبارە بەرزم دەکەیتەوە.
- 21مەزنێتیم زیاتر دەکەیت،
- دەگەڕێیتەوە و دڵنەواییم دەکەیت.
- 22ئەی خودای من،
- لە پێناوی دڵسۆزیت بە ساز ستایشت دەکەم،
- ئەی پیرۆزەکەی ئیسرائیل،
- بە قیسارەوە مۆسیقات بۆ دەژەنم.
- 23لێوەکانم هەلهەلە لێدەدەن،
- کە گۆرانیت بۆ دەڵێم،
- هەروەها گیانم، ئەوەی کە کڕیتەوە.
- 24زمانیشم بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕاستودروستیت دەکات،
- چونکە شەرمەزار و سووک بوون،
- ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.
زهبورهكان ٧٢
- 1ئەی خودایە، دادپەروەری خۆت بدە بە پاشا،
- ڕاستودروستیت بە کوڕی پاشا.
- 2با بە ڕاستودروستی حوکمی گەلەکەت بکات،
- بە دادپەروەریش هەژارەکانت.
- 3با چیاکان ئاشتی بۆ گەل دابین بکەن،
- گردەکان ڕاستودروستی.
- 4با دادوەری کڵۆڵانی گەل بکات،
- کوڕی نەداران ڕزگار بکات،
- زۆرداران وردوخاش بکات.
- 5با وەک خۆر بمێنێت،
- وەک مانگ بە درێژایی نەوەکان.
- 6وەک باران بەسەر گیادا ببارێت،
- وەک هەور زەوی ئاو بدات،
- 7ڕاستودروستان لە سەردەمی ئەو شکۆفە دەکەن،
- ئاشتییەکی زۆر دەبێت هەتا فەوتانی مانگ.
- 8لە دەریاوە هەتا دەریا حوکم دەکات،
- لە ڕووباری فوراتەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی.
- 9بیاباننشینەکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
- ناحەزانی تۆز دەلێسنەوە.
- 10پاشاکانی تەرشیش و دوورگە دوورەکان سەرانە دەنێرن،
- پاشاکانی شەبا و سەبا دیاری بۆ دێنن.
- 11هەموو پاشاکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
- هەموو نەتەوەکان خزمەتی دەکەن.
- 12لەبەر ئەوەی نەدار کە هاواری بۆ دەبات، دەربازی دەکات،
- چەوسێنراویش کە یارمەتیدەری نییە.
- 13بەزەیی بە لاواز و نەداردا دێتەوە،
- گیانی نەدارەکان ڕزگار دەکات،
- 14گیانیان لە ستەم و توندوتیژی دەکڕێتەوە،
- خوێنی ئەوان لەلای بەنرخە.
- 15تەمەن درێژ بێت!
- با لە زێڕی شەبای پێبدرێت،
- با هەمیشە خەڵک نزای بۆ بکەن،
- با بە درێژایی ڕۆژ داوای بەرەکەتی بۆ بکەن.
- 16با دانەوێڵەیەکی زۆر لەسەر زەوی بێت،
- لەسەر لووتکەی گردەکان،
- بەرهەمی وەک لوبنان بشەکێتەوە،
- با ئەوانەی لە شارەکانن وەک گیای کێڵگە چرۆ بکەن.
- 17با هەتاهەتایە ناوی بمێنێت،
- هەتا خۆر مابێت ناوی بەردەوام بێت.
- هەموو نەتەوەکان لەوەوە بەرەکەتدار بن،
- هەمووان خۆزگەی پێ بخوازن.
- 18ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگار، خودای ئیسرائیل،
- بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.
- 19هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری،
- با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات.
- ئامین و ئامین.
- 20لێرەدا نوێژەکانی داودی کوڕی یەسا تەواو بوون.
646 episodi